شاعیر: ئەخۆل
کتێب: دیوانی ئەخۆل
سەرناو: نامەیەک بۆ شێردڵ
لەبارەی شیعر: شێردڵ برامە، ناوی نووری ئەحمەدی تەهایە، کاتێک کە لە بەندیخانە بوو ئەمەم بۆ وتووە

برای شیرینی گیانی بە گیانیم
سەرمایەی ژین و هۆی کامەرانیم

تاسەی دووریتم هێندە لا سەختە
گەیانیە پیری تەمەنی جوانیم

***

ئەزانی چلۆن پەشێوم بۆ تۆ؟ 
هەروا بەرەڵا لەم شار و لەو کۆ

بنوم، دانیشم، بگریم، پێکەنم
یادم شەو و ڕۆژ هەر تۆیت و هەر تۆ

***

سەرابی دووری تۆم هێندە دیوە
لێڵایی پەردەی چاومی تەنیوە

ئای چەندە دووری دیدارەکەی تۆم
چۆن دڵ لە شادی و خۆشی هەتیوە

***

بێ تۆ لە باخا لەناو گوڵزارا
لەناو چیمەن و، لە لالەزارا

پووش و پەڵاشە هەر دڕک و داڵە
لە دڵی تەنگی منی هەژارا

***

بە بیر و هۆشا نەدەهات هەرگیز
بەهاری ژینم بگاتە پایز

ئەزانی گەردوون چی بەسەر هێنام
دان کەل، موو سپی، گوێ گران، چاو کز

***

کام بەردی فەلەک قورس و گرانە
چە نەشتەرێکی تیژ و بەژانە

دای بەسەرمدا کردی بە دڵما
گرفتاری تۆ لە بەندیخانە

***

بەڵام برا گیان نەکەی دڵتەنگ بی
لە بانگی ڕاستی کپ و بێ دەنگ بی

هەر وەک شێردڵ بووی شێرانە بژی
لە زیندانا بی لە کۆڕی جەنگ بی

***

تۆ لە زیندانا لە ڕێی وەتەنا
من لەژێر کۆت و بەندی میحەنا

هەر دوو وەک بولبول هیوامان یەکە
لەش لە قەفەز و، دڵ لە چەمەنا

***

من لەگەڵ تۆم و تۆش لەگەڵ منا
تەوقی ئەسارەت وا لە گەردنا

پشت بە خوا ڕۆژێک هەر ئەبێ بشکێ
ئەو تەوق و کۆتە لەسەر دوژمنا